تولای هاتیمئۆغوڵڵاری لەمیانی بەشدارییکردن لە پرۆگرامێکی هاڵک تیڤی، وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی ئەو پرۆسەیە دایەوە کە دەسەڵات بە تورکیای بێ تیرۆر ناوی دەبات.
هاتیمئۆغوڵڵاری لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ـی پەکەکە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتەکە، رایگەیاند: "ئەوەی کە ئۆجەلان پرۆسەکە بەڕێوەببات و ئاڕاستەی بکات زۆر گرنگە، باوەڕمانوایە ئەگەر رێگە نەدرێت خودی ئۆجەلان پرۆسەکە بەڕێوەببات، ئەوا کارەکان بە دروستی ناچنە پێشەوە، بۆیە پێویستە بۆ ئەو مەبەستە دۆخەکە بۆ ئۆجەلان بڕەخسێندرێت".
لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ دابەشبوونێک لەنێو پەکەکەدا لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرە هەیە یاخود نا، هاوسەرۆکی پارتی دەم رایگەیاند: "ئەوەندەی ئێمە دەیبینین پەکەکە بەشێوەیەکی یەکگرتوو ئەو بڕیارەیان داوە و چاوەڕوانی بوونی هیچ درزێک لەنێوانیاندا ناکەین".
لەبارەی چۆڵکردنی قەندیلیش دوای خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری دەڵێت: "باوەڕمانوایە لەگەڵ بەهێزبوونی خەباتی دیموکراسیدا، ئەم پرۆسەیە خێراتر دەچێتە پێشەوە".
هاوسەرۆکی پارتی دەم هەروەها ئاماژە بەوەدەکات، لە تورکیا نزیکەی 10 هەزار زیندانی سیاسی هەن، لەناویاندا فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، نووسەران، رۆشنبیران، رۆژنامەوانان و سیاسەتمەداران و بەپێویستی دەزانێت ئازاد بکرێن.
دەشڵێت: "ئەگەر ئەم وڵاتەکە بەدیموکراتیزە بکرێت، نابێت هیچ کەسێک لە گرتووخانەدا بمێنێتەوە کە بیروڕای دەربڕیوە و ئازادی رادەربڕینی بە ماف زانیوە".
لە وەڵامی پرسیاری "ئایا دەبنە بەشێک لە هاوپەیمانیی کۆمار کە لە ئاکپارتی و مەهەپە پێکدێت؟" هاوسەرۆکی پارتی دەم رایگەیاند: "خەمی ئێمە دیموکراسی و کۆمارێکی دیموکراسییە نەک ئەوەی لە پرسی تاکە هەڵبژاردنێکدا چی دەبێت و چی نابێت، خەمی ئێمە سەرکەوتنی دیموکراسییە و بۆ ئەمەش دەرفەتێکی مێژوویی هەڵکەوتووە".
پەیوەندی بنووسە: