بۆ میدیا | Home

ترەمپ: هەموو سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرین

هەواڵ هەوالی سیاسی


ترەمپ: هەموو سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرین

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025، لە لوتکەی کەنداو-ئەمەریکی لە ڕیازی پایتەختی سعوودییە لە وتارەکەیدا گوتی: هیوادارین سەقامگیر و شکۆمەندی بۆ هاووڵاتییانی غەززە بەدەست بهێنن.

گوتیشی: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی کۆتایی بەو شەڕەبهێنین و ژیان و گیانیی بارمتەکانیش بپارێزین.

لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و پەیوەندییەکانی واشنتن - دیمەشق، ترەمپ گوتی: لە کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بە تەلەفۆن و وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل بەشداربوون و باسمان لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە کرد.

هاوکات جەختیشی کردەووە، هەموو سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرن، ئەمەش خاڵیکی ئەرێنی و دەرفەت دەبێت بۆ ئەو وڵاتە.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەشی دا، داوای لە سووریا کردووە بەشداری ڕێککەوتنی ئیبراهیم بکات. گوتیشی: کار لەسەر ئەوە دەکەین ژمارەی وڵاتان بۆ ڕێککەوتنی ئیبراهیم زیاد بکەین.

سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی ئێرانەوە دووپاتی کردەوە ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، گوتیشی: وا لە ئێران دەکەم لە پشتگیری گرووپە تیرۆرستەکان بووەستێت.

باسی لەوەشکرد، لە ماوەی 2016 بۆ 2020 ئێران مایەپووچ بوو، هیچ پارەییەکی نەبوو بۆ ئەوەی پشتگیریی گرووپەکانی وەکوو حەماس و ئەوانی دیکە بکات.

دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە حووسییەکانی یەمەن گوتی: هێرشمان کردە سەر حووسییەکان، تا وامان لێکردن دەست لە هێرشەکانیان هەڵگرن.

هەروەها لە بارەی لوبنانەوە ئاماژەی دا، دەبێت جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان وڵاتێکی بەختەوەر بۆ هاووڵاتییانی بنیادبنێت و دوربێت لە کۆنترۆڵ و دەست تێوەردانی حزبوڵڵا.


پەیوەندی بنووسە: